ئەمڕۆ دووشەممە 12ـی 1ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە جۆن ئاڵێن نێردراوی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی شەڕی دژی داعش و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون لە بڕێت مەكگوورك جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و ستیوارت جۆنز باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و جۆزێف پێنینگتۆن كونسوڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەولێر و ژمارەیەك ڕاوێژكاری سوپای ئەمەریكا.
لە دیدارەكەدا نێردراوی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی شەڕی دژی داعش پیرۆزبایی سەركەوتنەكانی پێشمەرگەی لە دەڤەری ڕەبیعە و زووممار و شنگال كرد و پێزانینی هەبوو بۆ ڕۆڵی ئازایانەی هێزەكانی پێشمەرگە لە شكستدانی تیرۆریستانی داعش و سەرەخۆشی لە سەرۆك بارزانی و كەسوكاری ئەو پێشمەرگانە كرد كە لەم شەڕەدا ئازایانە گیانی خۆیان بەخشیوە و شەهید بوونە. لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا نێردراوی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ هاوپەیمانێتیی نێودەڵەتیی شەڕی دژی داعش وێڕای ئاماژەدان بە ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە سەركردایەتیكردنی شەڕەكە ڕایگەیاند كە لە هەموو جیهاندا ڕێزێكی تایبەت هەیە بەرانبەر ڕۆڵی سەرۆك بارزانی و خۆڕاگریی گەلی كوردستان و قارەمانێتیی هێزی پێشمەرگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و هەروەها پاراستن و پەنادانی سەدانهەزار ئاوارە كە لەبەر هەڕەشەی تیرۆریستان ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە و ئەوەی وەك دەستكەوتێكی گرنگ بۆ هەرێمی كوردستان لەقەڵەم دا كە بووەتە هۆی ئەوەی كوردستان پێگە و ناوبانگێكی بەرز لە ئاستی جیهانیدا بەدەست بهێنێت. نێردراوی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ هاوپەیمانێتیی نێودەڵەتیی شەڕی دژی داعش ئەوەیشی خستەڕوو كە پێشمەرگە ئەفسانەی داعشی تێكشكاند و وڵاتەكەیشی بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیكردنی زیاتری هەرێمی كوردستان و هانی وڵاتانیش دەدات كە لە هاوكاریكردن و پاڵپشتیكردنی هەرێمی كوردستان بەردەوام بن.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی شاندی میوان كرد و سوپاسی گەل و سەرۆك و جێگری سەرۆكی ئەمەریكای كرد كە زۆر خێرا پاڵپشتیی خۆیان بۆ گەلی كوردستان ڕاگەیاند و لە وتەیەكدا باسی چۆنییەتی سەرهەڵدان و گەشەی تیرۆریستانی داعشی لە ڕۆژئاوای عێراق كرد و ئاماژەیشی بەوەدا كە ڕووداوەكانی پاریس بەڕوونی نیشان دەدات كە تیرۆر هەڕەشەیەكی جیهانییە و هەموو لایەك دەكاتە ئامانج و نابێت تەنیا لەڕووی سەربازییەوە شەڕی تیرۆر بكرێت بەڵكو لەڕووی سیاسی و فكریشەوە پێویستە هەموو لایەك بە جدی ڕووبەڕووی ئەم هەڕەشەیە ببنەوە.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا قسە لەبارەی بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی جەنگ و پێداویستییەكانی هێزی پێشمەرگە كرا و هەروەها چۆنییەتی هەماهەنگیی زیاتری نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزی هاوپەیمانان تاوتوێ كرا.